جەواد موسەوی ئەندامی لیژنەی تەندروستی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاندووە، ھاوڵاتیانی عێراق بە پێی پێویست بە دەنگ داواکارییەکانی وەرگرتنی ڤاکسینەوە نایەن و ھەندێک لەو ناوەندانەی بۆ پێدانی ڤاکسین دیاریکراون، کات ھەیە تەنانەت یەک کەسیش سەردانیان ناکات، ئەوەش وا دەکات پڕۆسەکە زۆر سست بێت و ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت عێراق ٢٩ ساڵی تری دەوێت بۆ ئەوەی تەواوی دانیشتوانەکەی ڤاکسین وەربگرن.


بە پێی ئەو ئامارانەی لەلایەن وەزارەتی تەندروستی عێراقەوە بڵاودەکرێتەوە، تا ئێستا لە کۆی ٤٠ ملیۆن عێراقی، تەنھا یەک ملیۆن و ١٢٧ ھەزار کەس ڤاکسینیان وەرگرتووە کە دەکاتە ڕێژەی لە ١٪ی دانیشتوانی عێراق.