وەزیری دەرەوەی لیتوانیا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە بەغداد ڕایگەیاند، ٨٠٠ کۆچبەری عێراقی کە بە شێوەیەکی نایاسایی لە بیلاروسەوە گەیشتوونەتە لیتوانیا، ئێستا لە دارستانەکاندا بە شێوەیەکی نایاسایی نیشتەجێبوون. ڕاشیگەیاند، بیلاروس پرسی کۆچبەران وەک کارتی فشار بەرامبەر ئەوروپا بەکاردەھێنێت.


لە دوای تێکچوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەوروپا، حکومەتی بیلاروس ڕێوشوێنەکانی بەرامبەر کۆچبەران کەمکردووەتەوە و کارئاسانی دەکات بۆ گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپا، ئەوەش قەیرانێکی نوێی لە نێوان ئەوروپا و بیلاروس دروستکردووە و سەدان کۆچبەر لە بیلاروسەوە بەرەو لیتوانیا ڕۆشتوون.