سەرچاوە ئەمنییەکانی عێراق بڵاویانکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی بۆمبرێژکراو، لەلایەن سیستمی بەرگری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا خراوەتەخوارەوە.


دوای ڕووداوەکە باڵیۆزخانەی ئەمریکا زەنگی ئاگادارکردنەوەی لێداوە و ھێزێکی ئەمنیی زۆر لە نزیک باڵیۆزخانەکە کۆبووەتەوە.


باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەشکردووە، لەگەڵ ھێزەکانی عێراق لێکۆڵینەوە لە ھێرشەکە دەکەن و بەردەوام دەبن لە پاراستنی کارمەندان و باڵیۆزخانەکەیان و لەو پێناوەشدا ھەموو ڕێوشوێنێک دەگرنەبەر.


ئەوەش لە کاتێکدایە، دوێنێ دووشەممە چەند موشەکێک ئاڕاستەی ھێزەکانی ئەمریکا لە بنکەی عەین ئەسەد کران و تاوەکو ئێستاش ھیچ گروپ و لایەنێک بەرپرسیاریەتی ئەو ھێرشانەی لەئەستۆ نەگرتووە.