دوای ئەوەی کارەبای نیشمانیی لە زۆرینەی پارێزگاکانی عێراق بڕا و گرفتی بۆ نەبوونی ئاوی لە زۆرینەی پارێزگاکان دروستکرد و بەرھەمھێنانی سووتەمەنی لە چەند پاڵاوتگەیەک بۆ نیوە کەمیکرد، ھاوکات بەھۆیەوە تاقیکردنەوە وزارییەکانی پۆلی نۆی بنەڕەتی بۆ ماوەی دوو ھەفتە دواخرا. 


مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ئەوروپاوە ژمارەیەک بڕیاری دەرکرد و بڕیاریدا بە پێکھێنانی لیژنە بۆ چارەسەرکردنی نەبوونی کارەبا بە سەرۆکایەتی خۆی و ئەندامێتی وەزیرانی کارەبا و نەوت و دارایی و ناوخۆ. 


کازمی داواشیکرد، پەلە بکرێت لە دابینکردنی کارەبای زیاتر و زیادکردنی بڕە سووتەمەنی بۆ مۆلیدە ئەھلییەکان.