د. بەرھەم ساڵح سەرۆک کۆماری لە بروسکەیەکی پیرۆزبایدا کە ئاڕاستەی ئیبراھیم رەئیسی کردووە ئاماژەی بەوەکرد، بەبۆنەی سەرکەوتنتان لە ھەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی کۆماری ئیسلامی ئێران گەرمترین و جوانترین پیرۆزبایتان ئاڕاستە دەکەم. ئومێدەوارم سەرکەوتووبن لەو ئەرکەی دەکەوێتە سەرشانتان لە خزمەتکردنی گەلی ئێرانی دۆست و ھەمیشەش لە پێشکەوتن و ئارامی و گەشەسەندندابن.


دەشڵێت، ئێمە لە عێراق چاومان لەوەیە پەیوەندییەکی باش و تۆکمەمان لەگەڵ گەل و وڵاتی ئێراندا ھەبێت، کە چەندەھا رایەڵەی شارستانی و رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی رەسەنی مێژوویی بەیەکەوەمان دەبەستێتەوە، کۆماری ئیسلامی ئێران رۆڵێکی باڵای ھەبووە لە یارمەتیدانی عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و تیرۆرستان و ئەو لێکەوتانەی ھەڕەشە لە ئاسایشی ناوچەکەمان دەکەن، ھەروەھا ململانێ و تەنگژانەش کە لە ئارادان. لە دوا دیداریشماندا لە بەغدا پەرۆشی و گرنگیپێدانی بەڕێزتانم ھەستپێکرد لە پاراستن و پتەوکردنی ئەو ئەو پەیوەندییانەی لە نێوان ھەردوو گەل و وڵاتی عێراق و ئێراندا ھەن.


راشیگەیاندووە، ناوچەکەمان بە دۆخێکی ھەستیاردا تێدەپەڕێت، ئەم دۆخەش پێویستە بە دانایی و ووریاییەوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، پێویستی بەوەیە زمانی گفتوگۆ و دانوستان و بەردەوامیدان بە پەیوەندییەکان سیمای سەرەکی و دروشم و سەرمەشق بن، بەوپەڕی پەرۆشی و گرنگییەوە مامەڵە لەگەڵ بەرژەوەندیی و رایەڵە پێکداچووەکانی گەلانی ناوچەکە بکەین و پەرەیان پێبدەین، بەو ئامانجەی ئاسایش و سەقامگیری و ئاشتی ناوچەکە بپارێزین و رێز لە سەرورەی وڵاتەکانی بگرین.