بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ، لە کۆبونەوەیەکدا لە دەوحەی پایتەختی قەتەر ھەریەک لە وەزیرانی دەرەوەی عێراق و میسر و ئوردن پەیوەندییەکانی نێوان ھەرسێ وڵاتیان تاوتوێکردوە و دوپاتیان کردۆتەوە کە پێویستە ھەماھەنگی و ھاوکاری نێوانیان فراوان بکرێ ،  باس لەوەشکراوە ئامادەکارییەکان بۆ رێکخستنی لوتکەی سێ قۆڵی نێوان ئورودن و میسر و عێراق لە بەغداد دەستیپێکردۆتەوە کە بریاربوو لە مانگی ئازار یاخود نیسانی ئەمساڵدا بەرێوەبچێت .


 تا ئێستا دوو جار لوتکەی سێ قۆڵی میسر و ئوردن و عێراق دواخراوە ، جاری یەکەم لە مانگی ئازاردا بەھۆی پێکدادانی دوو شەمەندۆفێرەوە بوو لە میسر کە دەیان قوربانی لێکەوتەوە  ، جاری دوەمیش لە مانگی نیساندا بەھۆی ئاڵۆزبونی رەوشی ئوردن و شکستپیھێنانی ھەوڵێکی کودەتای سەربازی بوو لەو وڵاتە ، تا ئێستاش وادەی بەرێوەچوونی دیاریکراو نیە .