سەرچاوەیەک لە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق، بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، دادگا بڕیاری ئازادکردنی بۆ قاسم موسڵیح فەرماندە لە حەشدی شەعبی دەرکردووە، چونکە بەڵگەی پێویستی نەبووە بۆ ساغکردنەوەی ئەو تۆمەتانەی کە ئاراستەی کراون، راشیگەیاند، چەند رۆژێکە بڕیاری ئازادکردنی  قاسم موسڵیح چۆتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام بەھۆی ھەستیاری بابەتەکەوە ھیچ لایەنێکی رەسمی قسەی لەسەر نەکردووە.


ھاوکات بەپێی تۆمارێکی ڤیدیۆیی کە لە میدیاکانی عێراق بڵاوکراوەتەوە، ساتی ئازادبوونی قاسم موسڵیح دەردەخات کە لە شەقامەکانی بەغدادی پایتەخت لەلایەن پاسەوان و لایەنگرانییەوە پێشوازی لێدەکرێت.
قاسم موسڵیح فەرماندەی حەشدی شەعبی، ٢٦ی مانگی رابردوو بە فەرمانی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق و بە تۆمەتی تێوەگلان لە ھێرشی سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ئەنبار دەستگیر کرا، ئەوەش نیگەرانی گەورەی لێکەوتەوە.