حەمید نایف وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، ھۆکاری بڵاوبوونەوەی ئەنفلۆنزای باڵندەی لە پارێزگای بەسڕە ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، گەیشتنی ئەنفلۆنزای باڵندە بە بەسڕە، دەگەڕێتەوە بۆ کۆچی باڵندەکان لە سەرتاسەری جیھانەوە بۆ عێراق، لەگەڵ ھێنانی ماددەی قاچاخی وەک مریشکی نەخۆش یان عەلەف بە شێوەی نایاسایی.


وتیشی، زۆرینەی ئەو ماددە نایاساییانە لە ڕێگەی پارێزگای بەسڕەوە ھاوردە دەکرێن و ئەوەش ھۆکاری دەرکەوتنی ئەنفلۆنزای باڵندەیە لە بەشێکی ناوچەکانی بەسڕە. ڕاشیگەیاند، ئەو نەخۆشییە بۆ مرۆڤ ناگوازرێتەوە و ڕێکاری پێویستیان گرتووەتەبەر.