سێ فەرماندەی ناو حەشدی شەعبی بە ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەتیان وتووە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دۆسیەی لێسەندنەوەی متمانەیان لە کازمی کردووەتەوە و لەگەڵ چەند کوتلەیەلیشدا گفتوگۆیان کردووە، ھەوڵەکەش ڕوبەڕوی ڕەتکردنەوەیەکی توندی سەرکردە باڵاکانی شیعەکان بوووتەوە و باسیان لەوە کردووە ئەو ھەڵوێستەیان بۆ پشتیوانی کازمی نییە، بەڵکو بۆ بەرژەوەندی وڵاتە.
پێشتر ھادی عامری سەرۆکی ھاوپەیمانی فەتح لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا وتبووی، دەستگیرکردنی قاسم موسڵیح فەرماندەی دیاری حەشدی شەعبی و ھەڵکوتانە سەر ناوچەی سەوزیش ھەڵە بوون و قەیس خەزعەلی ڕێبەری عەسائیبی ئەھلی حەقیش دەڵێت، حکومەتەکەی کازمی لە دەستبەکاربوونیەوە تا ئێستا دژایەتی حەشد دەکات.