ماددەیەک کە لە چێشتخانەی ماڵەکەتدا هەیە هۆکاری سەرەکی شێرپەنجە و نەزۆکییە
هەساو ئەمیر
١٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
جۆزێف مێرکولا پزیشکی پسپۆڕ و نووسەری کتێبی 'رێنوێنینامە بۆ تەندروستی خانەکان' ئاماژەی بەوەکردووە، ماددەیەک لە چێشتخانەی سەرجەم ماڵەکاندا هەیە، هۆکاری سەرەکییە بۆ شێرپەنجە و نەزۆکی کە ئەویش، پلاستیکە.
ئەو پزیشکە باسی لەوەکردووە، ئێستا پلاستیک بووەتە بەشێکی سەرەکی چێشتخانەکان و رۆژانە خەڵک لە ماڵەکانیاندا بەکاری دەهێنن، بەڵام ماددەیەکی مەترسیدارە و هۆکاری بەشێکی زۆری شێرپەنجەکانە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، پلاستیک تێکەڵ بە خۆراک و ئاو و تەنانەت هەواش دەبێت، لەو رێگەیەشەوە دەچێتە جەستەی کەسەکانەوە و دەبێتە هۆی توشبوون بە نەخۆشی بە درێژایی کات، وەک نەخۆشییەکانی دڵ و لەبیرچوونەوە و شێرپەنجە و نەزۆکی.
ئەوەشی خستووەتە روو، کاتێک لە چێشتخانەی ماڵدا پلاستیک بەکاردەهێنرێت بۆ هەڵگرتنی خۆراک، یان خۆراکی تێدا دەخورێت، لەگەڵ پلەی گەرمی چێشتخانەکە یان خۆراکەکەی ناوی کارلێک دەکات، ئەگەر خۆراکی تێدا هەڵگیرابێت ئەوا تەنۆلکەکانی ئەو ماددەیە تێکەڵ بە خۆراکەکە دەبێت، ئەگەریش خواردنی تێدا بخورێت، گەرمی خواردنەکە کارلێک لەگەڵ پلاستیکەکەدا دروست دەکات.
ئەو پزیشکە روونیکردووەتەوە، بە درێژایی کات ئەو ماددانە دەبنە هۆی توشبوون بە چەندین نەخۆشی، بەتایبەت پلاستیک ماددەیەکی مەترسیدارە و ئەگەری توشبوون بە شێرپەنجە و نەزۆکی بەرێژەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.