سەرۆک کۆمار: داوا لە ناتۆ دەكەین توانای هێزە عیراقییەكان بەرەوپێش بەرێت
٥ی شوباتی ٢٠٢٥
سەرۆك كۆماری عیراق داوای لە ناتۆ كرد توانای هێزە عیراقییەكان بەرزبكاتەوە و عیراق لە شەڕی تیرۆردایە
د. لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق لە كۆشكی بەغداد پێشوازی كرد لە مارك روتە ئەمینداری گشتی هاوپەیمانی ناتۆ و وەفدێكی یاوەری كرد و تاوتوێی دۆسیە هاوبەشەكانی نێوان عیراق و هاوپەیمانێتیەكەیان كرد.
لەمیانەی دیدارەکەدا کەیسە هاوبەشەکانی نێوان عێراق و ناتۆ تاوتوێ کران و سەرۆک کۆماریش جەختی لەفراوانکردنی ئاسۆی هاریکاری دوو قۆڵی لە بوارەکانی پێشکەشکردنی ڕاوێژ و بەشداریکردن لەبنیاتنانەوە و پەرەپێدانی توانا سەربازییەکانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق کردەوە.
هاوکات ئاماژەی بەپەرەپێدانی دەزگا ئەمنییەکان بەسەرجەم پێکهاتەکانی و گەشەکردنی تواناکانیان لەبواری مەشق و ئامادەکاریدا کرد و دوپاتیشی لەوە کردەوە کەعێراق دۆخە سەختەکانی جەنگی تیرۆری تێپەڕاند وهێزە ئەمنییەکانی عێراق توانیویانە چەتەکانی داعش و پاشماوەکانیان لەناوببەن، ئێستاش ئامادەیی و توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ئەمنییە جیاوازەکانیان هەیە.
سەرۆک کۆمار ڕوونیکردەوە کەئەمڕۆ عێراق سەقامگیری ئەمنی و ئابوری بەخۆە دەبینێت، هەروەها لایەنە سیاسییەکان پرەنسێپی دیالۆگ لەنێوان خۆیاندا دەگرنەبەر و بەڕێزیان ئاماژەی بەوەدا کەپەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و جیهان زۆر باشە و پێشوازی لەهاتنی بازرگانان و وەبەرهێنەران دەکەین بۆ ئەوەی سوودمەند بن لەو دەرفەتانەی فەراهەم کراون لەوڵاتدا .
هەروەها لەدیدارەکەدا پێداچوونەوە بەدۆخی گشتی ئەمنی ناوچەکە و تاوتوێکردنی ژمارەیەک پرسی پەیوەست بەپشتیوانی لۆجستی بۆ نوێنەرایەتی ناتۆ لەعێراق کران.
لەلای خۆیەوە بەڕێز مارک روتە، ستایشی سەقامگیری ناوخۆیی و گەڕانەوەی ژیانی ئاسایی لەعێراقدا کرد و جەختی لەپەرۆشی نوێنەرایەتی ناتۆ کردەوە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و هاوکاری دووقۆڵی لەبواری مەشق و ڕاوێژکاری و ئاڵوگۆڕی زانیاری بەشێوەیەک کەتوانای هێزە چەکدارەکانی عێراق بەسەرجەم پێکهاتەکانیەوە بەرز بکاتەوە، هاوکات ئاماژەی بەڕۆڵی جەمسەریی گرنگی عێراق کرد لەچەسپاندنی سەقامگیری لەناوچەکەدا.