قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازیکرد لە ئەرمان تۆپجو، کونسوڵی گشتیی تورکیا و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولا تاوتوێ کران.
 

لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ چوارشەمە لە هەولێر بەڕێوەچوو، لەبارەی دواگۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکەوە ئاڵوگۆڕی بیروڕا کرا، تیایدا قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە؛ پێویستە هەموو لایەنەکانی ناوچەکە بەرپرسیارانە هەنگاو بنێن.
 

لە تەوەرێکی دیکەدا باسی دۆخی هەرێمی کوردستان و گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم کرا. جێگری سەرۆکوەزیران ئاماژەی بە گفتوگۆکانی یەکێتی و پارتی-دا و روونی کردەوە؛ تیمە تەکنیکییەکان گفتوگۆکانیان تەواو کردەوە و بەهیواین لە ماوەیەکی نزیکدا بگەنە رێککەوتن بۆ پێکهێنانی حکومەتێک کە لە ئاستی چاوەڕوانی هاوڵاتییانی هەرێمدابێت.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداش، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا بۆ چارەسەرکردنی ریشەیی کێشە داراییەکان، هەنگاوی زۆر باش نراوە و لە دوای پەسندکردنی هەمواری یاسای بودجەش زەمینەی لەبار دروست بووە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییەکانی دیکەی نێوان هەرێم و بەغدا.