'ساڵی رابردوو لە زیقار دوو رۆژ جارێک نزیکەی کەسێک بەهۆی روداوی هاتوچۆ گیانی لەدەستداوە'
هەساو ئەمیر
١٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
پارێزگای زیقار ئاماری روداوەکانی هاتوچۆی ساڵی رابردووی راگەیاند و ئەوەی جێی سەرسامی بوو ئەوە بوو، تەنها لە ساڵی رابردوودا، بە تێکڕا دوو رۆژ جارێک نزیکەی یەک کەس بە روداوی هاتوچۆ لەو پارێزگایە گیانی لەدەست داوە.
پارێزگای زیقار رایگەیاندووە، ساڵی رابردوو ٤١٤ روداوی هاتوچۆ لە پارێزگاکە رویانداوە، کە بە تێکڕا دەکاتە رۆژانە زیاتر لە یەک روداو رووی داوە.
بەپێی ئاماری پارێزگاکە، بەهۆی روداوەکانەوە ١٦٥ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٦١٢ کەسیش بریندار بوون، کە ئەگەر بە تێکڕا وەربگیرێت، ئەوا لەماوەی دوو رۆژدا نزیکەی یەک کەس گیانی لەدەستداوە و هەموو رۆژێکیش نزیکەی دوو کەس بریندار بوون.
لەوبارەیەوە، داخل عەبدولحسێن بەڕێوەبەری نوسینگەی مافی مرۆڤی زیقار رایگەیاندووە، هۆکاری زیادبوونی روداوەکانی هاتوچۆ زۆرن بەڵام سەرکیترین هۆکارەکان دەگەڕێنەوە بۆ پابەند نەبوون بە رێنماییەکانی هاتوچۆ، وەک تیژڕۆیی و خەولێکەوتن لەکاتی شۆفێریدا، هەروەها بەکارهێنانی مۆبایل و تێپەڕاندنی هەڵە.
وتیشی، بەرزبوونەوەی ژمارەکە بەو شێوەیە شایەنی نیگەرانییە، پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان بێنە سەر هێڵ و چارەسەر بۆ ئەو بابەتە بکەن.
داواشی کرد، چەند رێکارێک بگیرێتە بەر بۆ چارەسەری ئەو بابەتانە، بەتایبەت دانانی هێماکانی هاتوچۆ بە درێژایی رێگاکانی دەرەوەی پارێزگاکە، هەروەها دەستپێکردنی هەڵمەتێکی گەورەی هۆشیارکردنەوەی شۆفێران.
پارێزگای زیقار یەکێکە لە پارێزگاکانی عیراق و رووبەرەکەی نزیکەی ١٣ هەزار و ٦٢٦ کیلۆمەتر دووجایە و دانیشتووانەکەی کەمترە لە سێ ملیۆن کەس.