بەهۆی شەپۆلی سەرماوە و راگرتنی غازی روسیا سەرچاوەكانی غازی بەریتانیا كەمیان کردووە و گەورەترین كۆمپانیای وزەی ئەو وڵاتەش هۆشداریشی داوە، غازەكایان تەنها بەشی هەفتەیەكی وڵاتەكە دەكات.

كۆمپانیای سێنتریكا بۆ بەرهەمهێنانی وزە لە بەریتانیا لە بەیاننامەیەكدا هۆشداریی داوە، بەهۆی شەپۆلی سەرما و راگرتنی غازی روسیا، ئاستی غاز لە كۆگاكانی بەریتانیا بەشێوەیەكی بەرچاو كەمی كردووە و تەنها بەشی حەوت رۆژ غاز لە كۆگاكاندا ماوە.

ئەو كۆمپانیایە ئاماژەی بەوە كردووە، سەرما لە بەریتانیا وای كردووە بەكارهێنانی سوتەمەنیی بەشێوەیەكی بەرچاو بەرز ببێتەوە و لە بەرانبەریشدا راگرتنی گواستنەوەی غازی روسیا بۆ ئەوروپا لە لایەن ئۆكراین وای كردووە دابینكردنی غاز رووبەڕووی ئاستەنگ ببێتەوە.

پێشتر ئۆكراین رایگەیاند، رێگە نادات گرێبەستی پێنج ساڵەی گواستنەوەی غازی روسیا لە رێگەی وڵاتەكەیەوە بۆ ئەوروپا نوێ بكرێتەوە و لەگەڵ هاتنی ساڵی نوێ هەناردەی غازی روسیای راگرت.

لەگەڵ دەستپێكردنی هێرشەكانی روسیا بۆسەر ئۆكراین لە ساڵی ٢٠٢٢دا هەناردەی غازی روسیا بۆ ئەوروپا بەشێوەیەكی بەرچاو كەمی كرد، ئەوەش جگە لە بەرزبونەوەی نرخی غاز قەیرانی كەمیی ئەو سوتەمەنیەشی لێكەوتووەتەوە.