پێنج ساڵ بەسەر راگەیاندنی یەکەم توشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنادا تێپەڕی؛ دۆخی ئێستای جیهان چۆنە؟
هەساو ئەمیر
٣١ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
پێنج ساڵ بەر لە ئێستا و لە ٣١ی ١٢ی ساڵی ٢٠١٩دا، رێکخراوی تەندروستی جیهانیی بە رەسمی یەکەم حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای راگەیاند، کە تاوەکو دوایین ئامار لە ١٠ی ١١ی ئەمساڵدا، نزیکەی ٧٧٧ ملیۆن توشبوو تۆمارکراون.
پێنج ساڵ بەر لە ئێستا و لە مانگی ١٢ی ٢٠١٩دا، بۆ یەکەمجار بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسێک لە چین میدیاکانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردبوو، بەرپرسان و میدیاکان لێدوانی جیاوازیان دەدا و هەندێک بە دەنگۆ ناویان دەهێنا و هەندێک دەیانوت راستە.
دواجار لەنێوان ئەو دەنگۆیانەدا، چین راپۆرتێکی ئاڕاستەی رێکخراوی تەندروستی جیهانیی کرد و لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە ئاگاداری کردەوە، کە دواتریش لەدوای گەیشتنی تیمی رێکخراوەکە، لە راپۆرتێکدا ئەوەیان دەرخست، ڤایرۆسەکە سەرچاوەکەی خواردەمەنییە دەریاییەکانە کە لە ناوەندی شاری وهانی چین دەفرۆشرێن.
دواجار رێکخراوی تەندروستی جیهانی بە رەسمی تۆمارکردنی یەکەم حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسەکەی لە چین راگەیاند، کە یەکەمجار بە هەوکردنی سییەکان ناوی هێنرا.
لە سەرەتا و لە مانگی ١ی ٢٠٢٠دا ڤایرۆسەکە بە 2019-nCoV ناونرا بەشێوەیەکی کاتی، دواتریش لە مانگی ٢ی هەمان ساڵدا بە فەرمی ناونرا Covid-19.
یەکەم حاڵەتی پشتڕاستکراوە
لە شاری یان-نانی چین بۆ یەکەمجار توشبوونی پیاوێکی تەمەن ٦٠ ساڵ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیەنرا، کە پێشتر گەشتی بۆ شاری وهان کردبوو، دواتر نەخۆشەکە سەردانی نەخۆشخانەی کردبوو و باسی لەوەکردبوو، بەبێ بوونی هیچ نیشانەیەک ماوەی پێنج رۆژە هەناسەی تەنگە و جەستەی شەکەت و ماندووە، دوای پشکنینەکان دەرکەوت هەوکردنێکی زۆر لە سییەکانیدا هەیە، هەروەها رێژەی چەند پڕۆتینێکی هەستیار لە جەستەیدا بەرزن.
لە سەرەتادا چارەسەری سەرەتاییان بۆکرد و چەند دەرمانێکی پێویستیان بۆ نووسی و پزیشکەکان داوایان لێکرد پشوو بدات، دوای پێنج رۆژ لە دووبارەکردنەوەی پشکنینەکان بۆیان دەرکەوت رێژەی هەوکردنەکە زیاتر بووە و توشی ئاوسانی سییەکان بووە و ئاو لە سییەکانیدا کۆبووەتەوە.
بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بە وڵاتاندا
نیپاڵ کە هاوسنوورە لەگەڵ چین، لەدوای چین یەکەم وڵات بوو حاڵەتی پشتڕاستکراوەی توشبوون بە ڤایرۆسەکەی تێدا راگەیەنرا، کە پیاوێکی تەمەن ٣٢ ساڵ بوو و لە شاری وهانی چین خوێندکار بوو و یەکەم کەسبوو پشکنینی 2019-nCoVی بۆکرا و ئەنجامەکەی پۆزەتیڤ دەرچوو، چونکە توشبووی یەکەم لە سەرەتادا بە حاڵەتی هەوکردنی سییەکان ناسێنرا دواتر پشکنینی 2019-nCoVی بۆکرا.
ئەو پیاوە دوای ١٠ رۆژ لە گەڕانەوەی بۆ نیپاڵ وردە وردە هەستی بە نەخۆشکەوتن کردبوو و دواتر کۆکەیەکی توندی گرتبوو و لەماوەی نەخۆشییەکەشیدا پلەی گەرمی جەستەی زۆر بەرزببووەوە، ئەو نیشانە توندانەی لە سەرەتای نەخۆشییەکەدا لێدەرکەوتبوون و لە رۆژی سێیەمدا نیشانەکانی بەرەو باشبوون چووبوون، سەرەڕای ئەوەی چەندین تێستی ڤایرۆسی و بەکتریایی بۆکرابوو سەرجەمیان نێگەتیڤ بوون و پشکنینەکانی پاک بوون، کە دواتر بە توشبوویەکی سوک پۆلێنکرا و لەماوەی چوار رۆژدا تەندروستی باشبووەوە و نەخۆشییەکەی تێپەڕاند.
نیشانەکانی توشبووان جیاواز بوون
رۆژ لەدوای رۆژ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە خێراتر بوو و نیشانەی جیاوازی لێدەرکەوت، سەرچاوەی سەرەکیشی شاری وهانی چین بوو، ئەو کەسانەشی توشببوون، یان گەشتی وهانیان کردبوو یان بەرکەوتەی کەسێک بوون هەڵگر یان توشبووی ڤایرۆسەکە بوو.
نیشانەکانی ڤایرۆسەکە تا توشبوون زیاتر بووایە جیاواز بوو و دەگۆڕا، سێیەم کەیسی پشتڕاستکراوە کە ژنێکی ٥٥ی ساڵی تایوانی بوو و گەشتی وهانی کردبوو، قورگ و گەرووی بەتەواوی ئاوسابوو، کۆکەیەکی وشک و توند، تایەکی مامناوەند، شەکەتییەکی زۆری هەبوو، هەروەها رێژەی ئۆکسجینی خوێنی بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیبوو بۆ ٨٨-٩٠٪، کە دواتر پشکنینی SARS-CoV-2یان بۆ ئەنجامدا و ئەنجامەکەی پۆزستیڤ بوو، کە ڤایرۆسی کۆرۆنا بە یەکێک لە نەوەکانی سارس دادەنرێت و بەشێکی نەخۆشەکانیش سەرەتا ئەو چارەسەرانەیان بۆ بەکاردەهێنان کە بۆ توشبووانی سارس بەکاردەهات و جەستەیان کاردانەوەی ئەرێنی هەبوو بۆی.
ڤایرۆسەکە زۆر بە خێرایی و ئاسانی بڵاودەبووەوە، تەنانەت ئەگەر مرۆڤەکان بەرکەوتنی جەستەییشیان نەبووایە لە رێگای هەوا و دەستدان لە شتەکانەوە دەگوازرایەوە. ئەوەش وایکرد زۆر بە ئاسانی و لە ماوەیەکی کورتدا لەنێوان وڵاتانی ئاسیادا بڵاوبووەوە، تاوەکو لەماوەی سێ بۆ چوار مانگدا بە تەواوی جیهاندا بڵاوبووەوە.
بەشێوەیەکی گشتی توشبووان یان گەشتی وهانیان کردبوو، یان بەرکەوتەی کەسێک بوون و لەو رێگایەوە شار بە شار و وڵات بە وڵات گەشەی کرد.
قۆناغی دەستپێکردنی قەدەغەی هاتوچۆ و کەرەنتین کردن
لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە و پەرەسەندنی قەدەغەی هاتوچۆ لە شاری وهانی چین راگەیەنرا و وهان لە جیهان دابڕینرا، هاتنەدەرەوە و چوونەناوەوەی وهان قەدەغە کرا، لەناو وهانیشدا کەرەنتین راگەیەنرا و دەبوو خەڵک لە ماڵەکانیاندا نەیەنە دەرەوە، ئەگەر چی ئەو رێکارانە گیرانە بەر، بەڵام ڤایرۆسەکە بەر لەوە دزەیکردبوو و کەس بە کەس بڵاوبووبووەوە.
دواتر رێکارەکانی کەرەنتین کردن گیرانە بەر و وڵاتان هاوڵاتیانی خۆیان لە چینەوە دەگەڕاندەوە و لە سەرەتاشدا ماوەی ١٤ رۆژ کەرەنتینیان دەکردن و رێگەیان نەدەدان بچنە دەرەوە، تاوەکو وایلێهات قەدەغەی هاتوچۆ لەنێوان شارەکان و دواتر وڵاتەکاندا راگەیەنرا.
گەشتە ئاسمانییەکان بۆ حاڵەتی کتوپڕ ئەنجامدەدران و هاوڵاتیان لە سەرجەم وڵاتانی جیهاندا رێگەیان نەدەدرا لە ماڵەکانیان بێنە دەرەوە.
لەگەڵ هەموو ئەو رێکارە خۆپارێزیانەشدا، هێشتا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە خێراتر و خێراتر دەبوو و رۆژ بە رۆژ ئاماری توشبووان و گیانلەدەستدان زیاتر دەبوو.
رێکارە جیهانییەکان و ناساندی کۆرۆنا بە پەتایەکی جیهانیی
لە مانگی ١ی ساڵی ٢٠٢٠دا، رێکخراوی تەندروستی جیهانی، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەی وەک بارێکی لەناکاو و نائاسایی لە جیهاندا ناساند.
لە مانگی ٢ی ٢٠٢٠دا بە فەرمی ناوی نرا COVID-2019 و لە سەرەتای مانگی ٣دا نتەوە یەکگرتووەکان ١٥ ملیۆن دۆلاری بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە تەرخانکرد.
هەر لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەوە رێکارەکانی خۆپارێزی گیرانە بەر، بەستنی ماسک کرا بە ناچاری و پاککردنەوەی گشتی لە زۆرینەی ناوەندەکاندا ئەنجامدرا و شەقام بە شەقام و ماڵ بە ماڵ لەرێگای ماددە پاککەرەوەکانەوە پاکدەکرانەوە و دەڕشێنران.
بەهۆی خێرابڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە و زۆری ژمارەی توشبووان، بەشێوەیەکی گشتی وڵاتان نەخۆشخانەی نوێیان تایبەت بە توشبووانی کۆرۆنا دروستکرد، سەرەڕای ئەوەش جێگای نەخۆش لە نەخۆشخانەکاندا نەمابوو، هەر بۆ نموونە، لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەدا لەماوەی ١٠ رۆژدا چین نەخۆشخانەیەکی هەزار قەرەوێڵەیی دروستکرد.
لە مانگی ٣ی ٢٠٢٠دا رێژەی توشبوون گەیشتە ١٠٠ هەزار حاڵەتی پشتڕاستکراوە و تۆمارکراو و رێکخراوی تەندروستی جیهانی ڤایرۆسەکەی وەک پەتایەکی جیهانیی ناساند.
لە مانگی ٣دا گۆڕانکارییەکان خێراتر و زیاتر بوون و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بە تەواوی پەرەی سەند، ئەوروپا بووە ناوەندێکی سەرەکی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە و ئەمریکاش دۆخی لەناکاوی راگەیاند، کە دواتر ئەمریکا بووە ئەو وڵاتەی زۆرترین توشبووی تێدا تۆمار کرا.
هەر لە مانگی ٣دا یەکەم ڤاکسین بۆ کۆڤید-١٩ گەشەی پێدرا.
لە مانگی ٤دا ڤایرۆسەکە بەشێوەیەک گەشەی سەند، لەماوەی یەک مانگدا توشبوون لە ١٠٠ هەزارەوە گەیشتە یەک ملیۆن کەس.
دواتر لەماوەی نۆ مانگی سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەدا رێژەی گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسەکە گەیشتە یەک ملیۆن کەس.
ڤاکسین و گەڕانەوەی ئومێد بۆ جیهان
لەکۆتاییدا لە مانگی ١١ی ساڵی ٢٠٢٠دا، کۆمپانیای Pfizer ئەمریکی رایگەیاند، ڤاکسینێکیان بەرهەمهێناوە کە جەستە وەڵامدانەوەی بۆی هەیە و بەرێژەی ٩٠٪ کاریگەرە.
هەر لە مانگی ١١ی هەمان ساڵدا، Modernaش سەرکەوتنی ڤاکسینەکەی خۆی راگەیاند.
هەر لە هەمان مانگدا زانکۆی ئۆکسفۆرد و ئەسترازینکا ڤاکسینێکیان راگەیاند.
لەماوەیەکی کەمدا و لەنێوان مانگی ١١ تاوەکو مانگی ٤ی ٢٠٢١، یەک ملیار ڤاکسین گەیەنرایە سەرانسەری جیهان و وەرگرتنی دۆزێک لە ڤاکسینەکە کرایە ناچاری و لە فڕۆکەخانەکاندا رێگەیان نەدەدا هاوڵاتیان گەشت بکەن، ئەگەر پێشتر دوو دۆز یان لانی کەم یەک دۆزی پێکوتەی کۆرۆنایان وەرنەگرتبێت، کە بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەوەش، وەرگتنی پێکوتەکەیان بۆ کرا بە کارتێکی ئەلیکترۆنی.
بڵاوبوونەوەی گۆڕاوەکانی کۆرۆنا
تەنها هەشت مانگ لەدوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، یەکەم گۆڕاوی ڤایرۆسەکە بەناوی lambda راگەیەنرا، دواتریش رۆژ بە رۆژ گۆڕاوی دیکەی کۆرۆنا بڵاوبوونەوە بە ناوەکانی alpha, beta, delta, omicron. تەندروستی جیهانیش دەڵێت، بڵاوبوونەوەی گۆڕاوی ڤایرۆسەکان، ئەگەرێکی چاوەڕوانکراوە بۆ سەرجەم ڤایرۆسەکان.
دوایین ئامارەکان
بەپێی دوایین ئامارەکان، تاوەکو ١٠ی ١١ی ٢٠٢٤، زیاتر لە ٧٧٦ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار توشبووی کۆرۆنا لە جیهاندا تۆمارکراون، ئەوە جگە لەو کەسانەی توشبوون و تۆمارنەکراون.
هاوکات، زیاتر لە حەوت ملیۆن کەسیش بەهۆی توشبوون بە ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە، کە بە شێوەیەکی گشتی پەرەسەندنی ئامارەکانی گیانلەدەستدان لە ساڵی ٢٠٢٠ و ٢٠٢١دا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەوە و لە ٢٠٢٢ بەدواوە وردە وردە ئامارەکانی گیانلەدەستدان روویان لە کەمبوونەوە کرد.
کاریگەریی رێکارەکانی کۆرۆنا لەسەر ژینگە
دوای ئەوەی بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە سەرجەم وڵاتەکاندا قەدەغەی هاتوچۆ راگەیەنرا و گەشتی نێوان وڵاتان وەستێنران، بەشێوەیەکی گشتی ئۆتۆمبێلەکان نەدەچوونە سەر شەقامەکان و کارگە و شوێنەکانی دیکەش کارەکانیان راگرتبوو، ئەوەش کاریگەریی لەسەر ژینگە دروستکرد.
گۆڕانکارییەکان بە جۆرێک بوون، تەنها لەماوەی نێوان مانگی ١ بۆ ٤ی ٢٠٢٠دا، دەردانی رۆژانەی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن بەرێژەی ٨.٦٪ کەمی کرد بەراورد بە هەمان ماوە لە ساڵی ٢٠١٩دا.
دوایین راپۆرتەکانیش ئەوەیان نیشان دەدا، کە دەردانی گازەکانی دەبنە هۆی گەرمبوونی جیهان، بەشێوەیەکی بەرچاو روویان لە دابەزین کرد.
دۆخی ئێستای جیهان لەگەڵ ڤایرۆسەکەدا
ئەگەرچی لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەدا هەرکەسێک توشببووایە راستەوخۆ بۆماوەی ١٤ رۆژ کەرەنتین دەکرا و چاودێریی تەندروستی دەکرا، وردە وردە بەپێی جیاوازی بارودۆخەکان و زیاتر بڵاوبوونەوەی رێکارەکان شلتر کرانەوە و بەو توندییە جێبەجێ نەدەکران، بۆ نموونە دوای چوار مانگ لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بە نەخۆشەکان دەوترا لە ماڵەوە بمێننەوە و خۆتان لە ئەندامانی دیکەی خێزان بە دووربگرن.
هاوکات، لەگەڵ ئاشنابوونی جیهانیش بە ڤایرۆسەکە و نیشانەکان و شێوەی چارەسەرکردنی، رۆژ بە رۆژ ترسەکان رەوینەوە و ئێستا کەسەکان ئەگەر توشی ڤایرۆسەکەش ببن، هەمان ئەو ترسەیان لێنانیشێت کە لە ساڵی ٢٠٢٠دا هەیانبوو.
ئێستا و دوای پێنج ساڵ لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە، توشبوون بە کۆرۆنا وەک پەتایەکی وەرزی ئاسایی بووەتەوە و کاتێک کەسەکان توشدەبن، ئەگەر نیشانەکانیان توند نەبێت نەک خۆیان کەرەنتین ناکەن، بەڵکو دەچنە سەر کار و بەردەوام دەبن لە ژیانی ئاسایی و رۆژانەیان.
کاریگەرییەکانی دوای توشبوون بە کۆرۆنا
لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەدا، کاتێک کە کەسێک توشی ڤایرۆسەکە دەبوو و چاکدەبووەوە، بە ماوەی مانگێک یان زیاتر لەدوای چاکبوونەوەی چەند نیشانەیەکی لێدەردەکەوت، هەندێک بە پشتئێشە و هەندێک بە قاچ و ئەژنۆئێشە، بەشێکیشیان بە گرژبوونی ماسولکەکانی جەستەیان دەیان ناڵاند.
سەرجەم نەخۆشەکان سەرەتا نەیاندەزانی ئەو هۆکارانە چین توشی ئەو ئازارانەی کردوون و بەشێکی ئەو ئازارانەش بە ئازارشکێن نەدەڕەوینەوە، ئەگەر ئازاریشیان بشکایە بۆماوەیەکی کاتی دەبوو.
لە بەشێکی نەخۆشەکاندا دوای چاکبوونەوەیان رێژەی ڤیتامینەکان لە جەستەیاندا دادەبەزی، بەتایبەت رێژەی 'ڤیتامین دی'، کە دابەزینی ڤیتامینەکانیش بەرگری جەستەی لاوازدەکردن و رووبەڕووی چەند گرفت و حاڵەتێکی دیکەی وەک تێکچوونی پێست و هەڵوەرینی قژ و لاوازبوونی نینۆکەکان، یانیش خەمۆکی و شەکەتی بەردەوامی دەکردنەوە، یانیش دەبووە هۆکاری تێکچوونی هۆرمۆنەکانی جەستەیان.
بەشێکی دیکەش هەستیان بە بێهێزی بەردەوام دەکرد و بەشێکیان ماوەیەکی درێژ بەدەست هەناسەتەنگی و زوو ماندووبوونەوە دەیان ناڵاند، یانیش دەیانوت هێزی جەستەمان نییە وەک پێشوو ئەرکەکانی رۆژانەمان ئەنجامبدەین.
ئێستا کە توێژینەوەکان زیاتر ئەنجامدراون لەسەر ڤایرۆسەکە و توشبوون و چاکبوونەوە و نیشانەکانی دوای کۆرۆنا، لەدوایین توێژینەوەدا، پزیشکەکان لە ئەمریکا ئاماژە بەوەدەدەن، کۆرۆنا دەبێتە هۆی دروستبوونی هەوکردن لە بەشێکی مێشکدا کە بەرپرسە لە ئەنجامدانی رەفتار و هەڵسەکەوت و کاری رۆژانە و لە بەشێکی نەخۆشەکاندا پەکیان دەخات و وایانلێدەکات بە ئاسانی نەتوانن کارەکانی رۆژانەیان ئەنجام بدەن.
پێنجەم ساڵی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە و هەڵوێستی چین
لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەدا باس لەوەدەکرا، ڤایرۆسەکە لە تاقیگەیەک لە وهانی چین بەرهەمهێنراوە و لەوەوە دزەی کردووە، لە راپۆرتێکیشدا دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا 'سی ئای ئەی' ئەمریکی رادەستی جۆو بایدنی سەرۆکی ئەمریکای کردووە باس لە هەمان بابەت دەکات.
ئەگەرچی چین ئەو تۆمەتەی رەتدەکردەوە، ئەمڕۆ لەدوای پێنج ساڵ، رێکخراوی تەندروستی جیهانیی رایگەیاندووە، کە پێویستە چین زانیاریی ورد و تەواویان لەسەر ئەو ڤایرۆسە و ئامارەکان پێبدات.