ئاگرێكی نوێ لە دارستانەكانی باكوری لۆس ئەنجلۆس كەوتووەتەوە
٢٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
ئاگرێكی نوێ لە دارستانەكانی باكوری لۆس ئەنجلۆس كەوتووەتەوە و فەرمانی چۆڵكردنی ناوچەكە بۆ زیاتر لە 50 هەزار كەس دەرچووە .
بە وتەی لێپرسراوانی لۆس ئەنجلۆس، ئاگرەكە بە خێرایی لە نزیك دەریاچەی كاستایك تەشەنە دەكات و لە ماوەی كەمتر لە دوو سەعاتدا رووبەرێكی فراوانی گرتووەتەوە.
ئاماژە بەوەشدەکەن، رەشەبای سانتا ئانناش رۆڵی هەیە لە زیاتر تەشەنەكردنی ئاگركەدا.
هەرچەندە تاوەکو ئێستا هیچ خانوو و باڵەخانەیەک بەهۆی ئاگرەكەوە نەسوتاوە، بەڵام لێپرسراوان فەرمانیان دەركردووە بۆ چۆڵكردنی ناوچەكەكانی دەوروبەری دەریاچەكە لە نزیك شاری سانتا كلاریتا كە ژمارەی ئەو کەسانەی لەوێ نیشتەجێن زیاتر لە 50 هەزار كەسە .
ئەوە لەكاتێدایە ، لە 7ی ئەم مانگەوە، ئاگرێكی بەهێز لۆس ئەنجلۆسی باشوری ویلایەتی كالیفۆرنیای گرتووەتەوە و بەهۆیەوە زیاتر لە 27 كەس گیانیان لەدەستداوە و لانیكەم 15 هەزار خانوو و باڵەخانە سوتان و ئاگرەکە رووبەری زیاتر لە 40 هەزار دۆنم زەوی گرتووەتەوە.