ئەردۆغان و ئەحمەد شەرع لە ئەنقەرە كۆبوونەوە
٤ی شوباتی ٢٠٢٥
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا و ئەحمەد شەرع سەرۆكی قۆناغی راگوزەری سوریا لە ئەنقەرە كۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات و دوایین پێشهاتەكانی سوریا و ناوچەكە كرد.
لەدوای كۆبوونەوەكەش، لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا، ئەردۆغان رایگەیاند، وڵاتەكەی پشتیوانی سوریا دەكات و هاوكار دەبێت بۆ بنیادنانەوەی.
وتیشی، هەڵوێستی توركیا نەگۆڕە بەرامبەر یەكپارچەیی خاكی سوریا، داواشیكرد، وڵاتانی رۆژئاوا گەمارۆكانیان لەسەر سوریا هەڵگرن.
لەبەرانبەردا، ئەحمەد شەرع هەوڵەكانی توركیای بۆ سەرخستنی قۆناغی راگوزەر لە سوریا بەرز نرخاند و رایگەیاند، پەیوەندییەكان لەگەڵ توركیا لەسەرجەم بوارەكاندا بەرەوپێش دەبەن، بانگهێشتی ئەردۆغانیشی كرد، بۆ دیمەشق.