ئاندریە کیسیلۆڤ زانای کەشناسیی روسیی رایگەیاندووە، پلەکانی گەرما لە روسیا بەراورد بە وڵاتانی دیکە نزیکەی سێ هێندە خێراتر بەرزدەبنەوە.

ئەو زانایە ئەوەی خستووەتە روو، ئەم زستانە لە روسیا جیاوازە و لە بەشی ئەوروپای وڵاتەکەدا تێکڕای پلەکانی گەرما ١٠ پلە زیاترن بەراورد بە پلەی گەرمای ئاسایی.

ئاندریە هۆکارەکەی بۆ گۆڕانی کەشوهەوا و گەرمبوونی جیهان گەڕاندووەتەوە و دەشڵیت، هێشتا ئەمە بەو مانایە نایەت کە وەرزی زستان گەرم دەبێت، بەڵام دوور نییە بە درێژایی ساڵانی داهاتوو ئەو گۆڕانکارییە رووبدات.

ئەو زانای کەشناسییە دەشڵێت، بەرزبوونەوەی تێکڕای پلەکانی گەرما لە جیهاندا و گەرمبوونی جیهان پرسێکی گشتییە، بەڵام لە روسیا بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما خێراترە، بە جۆرێک خێرایی بەرزبوونەوەکەی ٢.٧ ئەوەندەی وڵاتانی دیکەیە".

لەلایەکی دیکەوە ئاندریە کیسیلۆڤ یەکێک لە هۆکارەکانی گەڕاندەوە بۆ هەڵکەوتەی جوگرافیی نیوەگۆی باکووری زەوی و ئەوەی خستە روو، ئەو بەشە رووبەری وشکانی لە رووبەری ئاویی زیاترە ئەوەش هاوکارە لە خێراکردنی دیاردەی گەرمبوونی جیهانیدا.

باسی لە بەرزبوونەوەی ئاستی دەریا کرد لە کیشوەریی بەستەڵەکی باشوور و گۆڕانکاری لە کەشوهەوادا وەک پرسێکی جیهانی باسکردووە و دەڵێت، ئەگەر بەوجۆرە بێت، لەوانەیە گۆڕانکاریی لە کەشوهەوای جیهاندا رووبدات لە ساڵانی داهاتوودا و ئەوەش ببێتە هۆی روودانی چەندین کارەساتی سروشتی وەک لە هەندێک شوێن وشکەساڵی و لە هەندێک شوێنی دیکە لافاو و زریان.