ئەمریكا و وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپا پیشتیوانی هەڵگرتنی سزاكانی سەر سوریا دەکەن
یەحیا
١٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
ئەمریكا و وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپا لە سعودیە كۆبوونەوەو هەنگاوەكانی پشتیوانی گەلی سوریایان تاوتوێ كرد و ئامادەیی خۆیان نیشاندا بۆ بنیادنانەوەو ئاوەدانكردنەوەی.
وەزیرانی دەرەوە و نوێنەرانی ئەمریكا و ژمارەیەك وڵاتی عەرەبی و ئەوروپا لە شاری ڕیازی پایتەختی سعودیە بۆ پرسی سوریا كۆبوونەوە و لە ڕاگەیەندراوی كۆتاییاندا جەختیان لەسەر پاڵپشتیكردنی گەلی سوریا و پێشكەشكردنی هەموو هاوكاری و پشتیوانییەك لەم قۆناغەدا خستەڕوو.
ئاماژەیان بەوەشكرد، دەبێت هەموو هێزە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكانی سوریا نوێنەرایەتیان هەبێت لە قۆناغی داهاتوودا، نیگەرانیشیان لە هێرشەكانی ئیسرائیل نیشاندا بۆسەر ناوچەی پارێزراوی سوریا.
راشیانگەیاندووە، پشتیوانی هەڵوەشاندنەوەی سزاكانی سەر سوریا دەكەن و داواشیانكرد وڵاتان لای خۆیانەوە سزا و گەمارۆكان هەڵبگرن.
ئەڵمانیا هاوکاری سوریا دەکات
هاوکات لەلایەکی دیکەشەوە ئانالینا بایربۆک وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، لەکۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند: بۆ باشترکردنی دۆخی مرۆیی لە سوریا، وڵاتەکەی بە بەهای 50 ملیۆن یۆرۆ، بۆ دابینکردنی خۆراک و فریاگوزاری و خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان هاوکاری پێشکەش بەسوریا دەکات.