ماوەی شەش رۆژە ئاگرێکی گەورە لە دارستانەکانی لۆس ئەنجلوس و دەوروبەری کەوتووەتەوە و تاوەکو ئێستا بەشێوەیەکی فراوان بەردەوامە و تادێت فراوانتر دەبێت.

بەپێی ئامارەکانی میدیاکانی ئەمریکا کە لە زاری بەرپرسانی ئەو وڵاتەوە بڵاویان کردووەتەوە، بەهۆی بەردەوامی ئاگرەكە و بڵاوبوونەوەی دوکەڵێکی زۆر بە ئاسمانی کالیفۆرنیادا، ژمارەی گیانلەدەستدان بۆ ١٦ كەس بەرزبووەتەوە و زیاتر لە ١٥٣ هەزار کەس بێماڵ بوون.

ئاگرەکە رووبەری زیاتر لە ٤٠ هەزار دۆنم زەوی گرتووەتەوە

میدیاکان باس لەوەدەکەن، بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەکان، تاوەکو ئێستا زیاتر لە ١٠ هەزار خانوو و باڵەخانە سوتاون و زیانی ئاگرەكە بە ١٥٠ ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت و رووبەری ٤٠ هەزار و ١٩٨ دۆنم زەوی سوتاوە.

لەلایەکی دیکەوە، ئاگر لە پالیسایدس و ئیتۆن و هێرست لە لۆس ئەنجلوس کەوتووەتەوە و بەهەمان شێوە ئەوانیش لە كۆنتڕۆڵ دەرچوون و دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە هۆشدارییان داوەتە هاوڵاتیان لە ماڵەكانیان بمێننەوە.

بەرگری شارستانی کالیفۆرنیا باس لەوەدەکات، ئاگرەکەی لۆس ئەنجلوس بەهۆكارێكی سروشتی لە دارستانەکانەوە سەری هەڵداوە و دواتر بەهۆی بەهێزی رەشەباوە بە شارەكەدا بڵاوبووەتەوە، لە ئێستاشدا سەدان ئاگركوژێنەوە لە هەوڵدان بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ئاگرەكە یان لانی کەم پشتێنەیەک دروستبکەن و رێگەنەدەن زیاتر پەرە بسەنێت.