رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای راگرتنی سزای لەسێدارەدانی ژنێكی كورد دەكات
زاهیر
١٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
رێكخراوێكی نێودەوڵەتی داوای راگرتنی سزای لەسێدارەدانی ژنێكی كورد دەكات و دەڵێت ئەو ژنە تەنها كاریی مرۆیی كردوە و نابێت لەسێدارە بدرێت.
رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە دژی پەسەندكردنی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی لەلایەن دادگای باڵای ئێرانەوە راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و بڕیارەكەش بە نادادپەروەرانە دەزانێت و دەڵێت چالاكییەكانی پەخشان عەزیزی مرۆڤدۆستانە و ئاشتیخوازانە بووە و پێویستە جێبەجێكردنی ئەو سزایە رابگیرێت و ئەو چالاكوانە ئازاد بكرێت.
رۆژی چوارشەممەی رابردوو ئەمیر رەئیسیان پارێزەری پەخشان عەزیزی كە ژنە كوردێكی زیندانیكراوە لە گرتووخانەی ئێوین رایگەیاندبوو، لەلایەن لقی ٣٩ی دادگای باڵای كۆماری ئێرانەوە سزای لەسێدارەدانەكەی پەخشان عەزیزی پەسەندكراوە بەبێ رەچاوكردنی كموكوڕیەكانی دۆسیەكەی و بڕیاری جێبەجێكردنی سزاكەش دراوە.
پەخشان عەزیزی لەدایكبووی شاری مەهابادی رۆژهەڵاتی كوردستانە و ساڵی 2023 بە تۆمەتی بەشداری لە پارتێكی كوردی نەیاری ئێران سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا و بڕیارەكەش ناڕەزایی رێكخراوە مرۆیی و نێودەوڵەتییەكانی لێكەوتووەتەوە.