روانگەی سوری: لە دوای روخانی ئەسەدەوە 157 كەس لە سوریا كوژراون
١١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ رایگەیاند، لە دوای روخانی رژێمی ئەسەدەوە لە سوریا 80 تاوان تۆماركراون و 157 كەس بونەتە قوربانی.
روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لە دوای روخانی رژێمی ئەسەدەوە سوریا پێی ناوەتە قۆناغێكی نوێوە لە رووی ئەمنییەوە كە گۆڕانكاری لەسەر ژیانی هاووڵاتیان هەیە و توندوتیژی لە چەند ناوچەیەكدا روو لە زیادبوونەوە و ئەمەش بوەتە هۆی نیگەرانی هاووڵاتیان.
دەشڵێت، لە 8ی 12ی ساڵی رابردووەوە تائێستا 80 تاوان لە لازقیە و تەرتوس و حمس و حەما تۆماركراوە و 157 كەس بونەتە قوربانی كە بەشێكیان ژن و منداڵن.
راشیگەیاند، فرۆكەیەكی بێ فرۆكەوانی توركیا بۆردومانی وێستگەیەكی كارەبایان لە حەسەكەی رۆژئاوای كوردستان كردووە و لە سەرەتای ساڵی نوێوە توركیا 23 هێرشی بۆ سەر ئیدارەی خۆسەر ئەنجامداوە و 11 كەس گیانیان لەدەستداوە.