حكومەتی ئیسرائیل داوادەكات عیراق كۆتایی بە هێرشی گروپە چەكدارەكان بهێنێت
شنیار
١٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
٦٩
ئیسرائیل داوا لە ئەنجومەنی ئاسایش دەكات فشاربخاتە سەر حكومەتی عیراق بۆ دانانی سنورێك بۆ ئەو هێرشانەی گروپە چەكدارەكانی سەر بە ئێران لە عیراقەوە دەیكەنە سەری.
جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاندووە، بەرپرسیارێتی حكومەتی عیراقە كە رێگری بكات لەوەی خاكەكەی بەكاربهێنرێت بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆ وڵاتانی دیكە، هەربۆیە نامەیەكی ئاراستەی ئەنجومەنی ئاسایش كردووە و لەڕێیەوە داوایكردووە كە رێكاری بەپەلە بگرنەبەر بۆ راگرتنی هێرشی گروپە چەكدارەكانی سەر بە ئێران لە عیراق كە بۆ هێرشكردنە سەر ئیسرائیل بەكاریدەهێنن.
راشیگەیاندووە، پێویستە حكومەتی عیراق بەپێی یاسای نێودەوڵەتی رێز لە پابەندبوونەكانی خۆی بگرێت و رێگری لەو هێرشانە بكات، تەئكیدیشیكردووەتەوە كە ئیسرائیل مافی بەرگریكردنی لە خۆی هەیە و بەپێی پەیماننامەی نەتەوە یەكگرتووەكان، دەتوانێت هەموو رێكارێكی پێویست دژی گروپە چەكدارەكانی سەر بە ئێران لە عیراق بگرێتەبەر بۆ بەرگریكردن لە خۆی و هاووڵاتییەكانی.
لە دوای دەستپێكردنی جەنگی غەززەوە، هێرشەكانی مقاوەمەی ئیسلامی بۆ سەر ئیسرائیل دەستیپێكردووە و بەردەوام لە زیادبوندایە، بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی مەعاریفی ئیسرائیلیش، تەلئەبیب پلانی هەیە بۆ وەڵامدانەوە، ئەگەر بێتو هێرشەكان لە بەرەی عیراقەوە زیاد بكەن.