سوپای توركیا چەند ناوچەیەكی لە رۆژئاوای كوردستان تۆپبارانكرد و نزیكەی ١٠٠ گوللە تۆپ و هاوەن لە سنوری سێ گوند كەوتنەخوارەوە.


میدیاكانی رۆژئاوای كوردستان بڵاویانكردەوە، لە چوارچێوەی بەردەوامی هێرش و بۆردومانەكانی سوپای توركیا بۆسەر ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان، ئەمڕۆ جارێكی تر گونی زیوانی سەر بە كانتۆنی شەهبای تۆپباران كردووە، لە ئەنجامدا نزیكەی ٣٠ گوللە هاوەن بەر گوندەكە كەوتووە.


پێشتریش ناوەندی راگەیاندنی ئەنجوومەنی سەربازیی منبج بڵاویكردەوە، شەوی رابردوو سوپای توركیا و گروپەچەكدارەكانی سەر بە توركیا، گوندی ئەل سافیەی لە باكوری رۆژهەڵاتی سەر بە كانتۆنی منبجیان تۆپباران كردوە و خاڵێكی سەربازیی سەر بە سوریاشیان كردوەتە ئامانج.


هەروەها سوپای توركیا گوندەكانی باكوری كانتۆنی مەنبەجیان تۆپباران كردووە، لە ئەنجامدا ٤٥ گوللەتۆپ كەوتوەتە دەروازەی گوندی ئێون دادات و ٥ گوللە تۆپیش كەوتوەتە گوندی دێرچ، بێجگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێكی گیانی لێنەكەوتوەتەوە.