ئاسۆ مامەند سەرپەرشتیاری کەرکوک-سەڵاحەدینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، ئەم رووداوە بۆ ئێمە وەک سەرژمێری دێرینی ساڵی  ١٩٥٧ گرنگە

دەقی پەیامەکە

کۆمەڵانی خەڵکی بەشەرەفی کەرکوک

 
خوشک و براکانمان لە دانیشتوانی بەڕێزی کەرکوک و کەسوکارمان لە ئاوارە و نیشتەجێکانی شارەکانی هەرێمی کوردستان و عیراق کە بە بنەچە  کەرکوکین.


پڕبەدڵ دەستخۆشی و پیرۆزبایتان لێدەکەم  بۆ ئەو هەڵوێستە بەرپرسیارانەتان کە رۆژانی سەرژمێری گشتیتان   کردە بۆنەیەکی  گەورەی نیشتمانیی و پێکەوەژیانی پێکهاتەکان  و لە پارێزگای کەرکوک و دەوروبەری ، بە گیانی پەرۆشی و هیممەتی شارستانیتان بەشداربوون لەم سەرژمێرییە و خۆتان و کەسوکارتان بە کەرکوکی تۆمارکردەوە.


لە کەرکوکی خۆشەویست ڕۆژانی سەرژمێری هەر ناونووسکردن و خۆتۆمار کردنی هاوڵاتیان نەبوو کە ئەم بابەتەش  بۆ گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکەمان و بۆ هاوڵاتیبوون و مافەکانیان  پێویستن،  بەڵکو وێستگەیەکی تری خەباتی مەدەنی و ئاوێتەبوونی کۆمەڵایەتی دانیشتوانی خۆڕاگری کەرکوک و خەڵکە رەسەنەکانمان بوو کە لە شوێنەکانی تر نیشتەجێن ، 
ئەم رووداوە بۆ ئێمە وەک سەرژمێری دێرینی ساڵی  ١٩٥٧ گرنگە و هیوادارین پێکەوەش بنەما و بەڵگەی  داهاتوو بن  بۆ سەلماندنی رەوایەتی  و خاوەندارێتی گەلەکەمان لە زێدی مێژوویی خۆی لە کە کەرکوک وەک شاری برایەتی و پێکەوەژیان  ، ببێتە دەسکەلای رەوا بۆ نەخشەرێی ماددەی ١٤٠ و هەموو ئیستیحقاقە دەستورییەکانمان لە عیراق.


هەر بەو بۆنەیەشەوە  دەستخۆشی لە دامودەزگاکانی ئیدارەی کەرکوک ، بەڕێز پارێزگار کاک رێبوار تەها و سەرجەم دامودەزگا ئەمنییەکان و پۆلیسی هاتووچۆ و مامۆستایانی خۆشەویست و سەرجەم فەرمانبەرانی ئازای فەرمانگەکانی سەرژمێری دەکەین،  دەستخۆشی لە هاوڵاتیانی میواندۆستی شارەکەمان دەکەین کە ئامێزی کەرکوکی و خزمانەیان بۆ میوانانی خاوەن ماڵ کردەوە، 
سەرکەوتن بۆ ئەم خەباتە مەدەنییە نوێباوە، 

 
سەرکەوتن بۆ گەلەکەمان.