ئەمڕۆ دەم پارتی لە ئەنكەرە كۆدەبێتەوە و پرۆسەی ئاشتی و دانانی قەیوم لە شارەوانییەكاتی باكوری كوردستان تاوتوێ دەكات.


بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی پارتی یەكسانی و دیموكراسیی گەلان (دەم پارتی) بەسەر پەرشتی هاوسەرۆكانی گشتی دەم پارتی لە ئەنكەرە كۆ ببێتەوە، بۆ تاوتوێكردنی دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی و دانانی قەیوم لە ژمارەیەك شارەوانی باكوری كوردستان، بڕیارە لە كۆبونەوەكەدا هەڵوێستی رەسمی خۆیان سەبارەت بەو بابەتانە راگەیەنن.


چواری ئەم مانگە وەزارەتی ناوخۆی توركیا ژمارەیەك سەرۆك شارەوانی لە شارەكانی باكوری كوردستان دوورخرانەوە و قەیوم لە شوێنەكانیان دانرا، ئەوەش خۆپیشاندان و نارەزایەتی لێكەوتوەتەوە و خۆپیشاندەران داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكە و گەڕانەوەی سەرۆك شارەوانییەكان دەكەن بۆ شوێنەكانی خۆیان.