لیستی موچەی مانگی ١٠ی موچەخۆرانی هەرێم لە بەغدادە
هادی
٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
٥٤٢
لیستی موچەی مانگی ١٠ی موچەخۆرانی هەرێم لە بەغدادە و چاوەڕوان دەكرێت سبەینێ وەزارەتی دارایی عیراق وردبینیكردنی لیستەكە دەستپێبكات.
پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، هەفتەی رابردوو وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی موچەی بەشێوەی ئەلیكترۆنی و دەستی رەوانەی عیراق كردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی كێشەی تێدابووە وەزارەتی دارایی عیراق لیستەكەی رەوانەی هەرێم كردووەتەوە، رۆژی پێنجشەممەی رابردووش جارێكی تر لیستی ئەلیكترۆنی موچە رەوانەی وەزارەتی دارایی عیراق كراوەتەوە.
وتیشی، چاوەڕوان دەكرێت سبەینێ وەزارەتی دارایی عیراق دەست بە وردبینی لیستی موچە بكات.
ئەوەش لە كاتێكدایە پێشتر حكومەتی هەرێم رایگەیاندبوو لەنێوان ١٨ تا ٢٠ی مانگ لیستی موچە رەوانەی بەغداد دەكرێت، بەڵام چەند مانگێكە لەدوای ٢٠ی مانگ لیستی موچە بە شێوەی ئەلیكترۆنی و بە دەستی رەوانەی بەغداد دەكرێت.
وەزارەتی دارایی هەرێم تا ئێستا هیچ رونكردنەوەیەكی لەبارەی هۆكاری دواكەوتنی دابەشكردنی موچەی مانگی ١٠ نەداوە، بەڵام چەندجارێك جەختیكردووەتەوە لەگەڵ بەغداد رێكەوتوون تا كۆتایی ئەمساڵ سەرجەم كێشەكانی لیستی موچە چارەسەر بكەن.