حکومەتی عیراق لەماوەی دوو ساڵدا زیاتر لە ٦٧٠ نەخۆشخانە و بنکەی تەندروستی و سەنتەری پسپۆڕیی پزیشکیی کردووەتەوە و دروستکردووە.


حکومەتی عیراق لە راگەیەندراوێکدا بەبۆنەی تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر کابینەی ئێستای حکومەت بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی ئامارێکی لەبارەی گرنگیدان بە کەرتی تەندروستی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، لەماوەی دوو ساڵدا ٦٧٦ نەخۆشخانە و بنکەی تەندروستی و سەنتەری پسپۆڕیی پزیشکیی کراونەتەوە و دروستکراون.


راشیگەیاندووە، ئەو ٦٧٦ نەخۆشخانە و بنکەی تەندروستی و سەنتەری پسپۆڕیی پزیشکییە بریتین لە کردنەوەی ١١ نەخۆشخانەی نوێ، خستنەوەگەڕی ٧٤ نەخۆشخانە، فراوانکردنی ٧٩ نەخۆشخانە، کردنەوەی ١٠١ سەنتەری پسپۆڕیی پزیشکیی، کردنەوە و خستنەوەگەڕ و بنیاتنانی ٢٩٢ سەنتەری چاودێری سەرەتایی، لەگەڵ ٤٩ نەخۆشخانە و ٧٠ سەنتەری تەندروستی کە ئێستا لە قۆناغی جێبەجێکردندان و لە داھاتوویەکی نزیکدا دەکرێنەوە.