لەماوەی ٢٤ سەعاتی رابردوودا سوپای تورکیا ٤٥ ھێرشی ئاسمانی لە رۆژئاوای کوردستان ئەنجامداوەو بەھۆیەوە ٥٤ ھاوڵاتی مەدەنی گیانیانلەدەستداوە و برینداربوون.

لە ئێوارەی رۆژی چوارشەممەوە سوپای تورکیا ھێرشەکانی بۆسەر رۆژئاوای کوردستان چڕ کردووەتەوەو بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان چەندین ناوچەی بۆردومان کردووە، لەوانەش: ٦٣ گوند و شار و ٤ پارێزگا کە بەھۆیەوە ١٤ ھاوڵاتی کوژراون، ٤٠ کەسی تریش برینداربوون.

لە بەیاننامەیەکدا ھێزەکانی سوریای دیموکرات رایگەیاندووە، سوپای تورکیا ژێرخانی رۆژئاوا دەکاتە ئامانج لەنێویشیاندا نانەواخانە، وێستگەی کارەبا و نەوت، ھەروەھا بازگەکانی ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ.

ھاوکات ئاسایشی رۆژئاوا رایگەیاندووە، سوپای تورکیا شاری کۆبانێی بەچڕی بۆردومانکردووە ھەروەھا ھۆڵی زەماوەندی فورات و بازگەی جەرابلوس، ئاشی کۆبانی، یاریگای کۆبانی، نەخۆشخانەی ئەلئەمەلی بۆردومان کردووە و لەماوەی ھەفتەیەکدا ٢٧ ھاووڵاتی گیانیانلەدەستداوە.

دەشڵێت، سوپای تورکیا بەوەشەوە نەوەستاوەو بۆردومانی سایلۆکانی کۆبانی کردووە کە بەھۆیەوە کرێکارێک گیانیانلەدەستداوە و ھەشتی تریش بە سەختی برینداربوون، ئەوەشی دووپاتکردووەتەوە کە ئەم ھێرشە بەردەوامانە ھەڕەشە لە سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە دەکەن.