ھەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجومەنی شارەزایان لە ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستان بەردەوامە
هیوا
١ی ئازاری ٢٠٢٤
٣١٠
بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران و ئەنجومەنی شارەزایان، نزیکەی ٦٠ ھەزار ناوەندی دەنگدان لە ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستان بە رووی ھاووڵاتییاندا کراوەتەوە و تیایدا ئەندامانی پەرلەمان و ئەنجومەنی شارەزایان بە دەنگی ڕاستەوخۆ و شاراوەی ھاووڵاتییان ھەڵدەبژێرێن.
بەگوێرەی خشتەی کاتی ھەڵبژاردنەکە کە وەزارەتی ناوخۆی ئێران سەرپەرشتی دەکات، سەعات ٥:٣٠ خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ بەکاتی ھەرێمی کوردستان پرۆسەی دەنگدان کۆتایی دێت، بەڵام وەزارەتی ناوخۆ دەسەڵاتی ئەوەی ھەیە ئەگەر پێویست بوو سێ سەعاتی دیکە پرۆسەکە درێژبکاتەوە، بۆ درێژکردنەوەی زیاتریش دەبێت ئەنجومەنی چاودێری دەستوور رەزامەندی لەسەر بدات.
بەگوێرەی ئامارە رەسمییەکان تائێستا ٥٣%ـی دەنگدەرانی ھەڵبژاردنەکە پیاو بوون و ٤٧%ـی دیکەشیان ژنان بوون، زۆرترین رێژەی بەشداریش لە ھەڵبژاردنەکە لە پارێزگاکانی لورستان، خوراسانی باشوور، کرمان، ئیلام، قوم، خوراسانی باکوور و گوڵستان تومارکراوە.
، بۆ ھەڵبژاردنەکە لە پارێزگاکانی رۆژھەڵاتی کوردستان زیاتر لە شەش ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان ھەیە و نزیکەی ٦٠٠ کاندید کێبڕکێی بەدەستھێنانی ٢٩ کورسی پەرلەمان و ھەشت کورسی ئەنجومەنی شارەزایان دەکەن.