رێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو بڵاویکردەوە، مانگی رابردوو ٦٧ کۆڵبەر لەسەر سنوورەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان کوژراون یان برینداربوون، بەوەش ژمارەی قوربانییەکان لە ٣٤٪ بەرزبووەتەوە.

لە راپۆرتی مانگانەی خۆیدا، رێکخراوی ھەنگاو رایگەیاندووە، مانگی شوباتی ڕابردوو ٦٧ کۆڵبەر کوژراون و بریندربوون، لەسەدا ٨٥ی حاڵەتەکانیش بە تەقەی راستەوخۆی ھێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بووە.

بەپێی ئامارەکەی ھەنگاو، ئەو ئامارە بەراورد لەگەڵ مانگی کانوونی دووەم، ١٧ حاڵەت واتە لەسەدا ٣٤ بەرزبووەتەوە و زۆرترین قوربانی لە سنوورەکانی پارێزگای کرماشان تۆمارکراوە کە ٣٦ حاڵەت بووە.

ھەر بەپێی ئامارەکە، لەماوەی ئەو مانگەدا چوار کۆڵبەر و کاسبکار کوژراون و ٦٣ کۆڵبەریش برینداربوون، ھەروەھا لانیکەم دوو مێردمنداڵی خەڵکی شارەکانی بۆکان و دیواندەرە لەکاتی کۆڵبەری لە سنوورەکانی بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی ھێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار بوون.