ئێران ھەناردەکردنی غاز بۆ عێراق رادەگرێت
لاوان
٢٩ی شوباتی ٢٠٢٤
١٬١٥٩
وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، لەکاتێکدا لە ھەوڵدان بۆ چاککردنەوەی وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا و دەستەبەرکردنی کارەبای پێویست بۆ ھاوڵاتییان لە وەرزی ھاوینی داھاتوودا، جارێکی دیکە ئێران ھەناردەکردنی غازی بۆ عێراق راگرتووە.
ئەوەشی خستەڕوو، بەھۆی راگرتنی ھەناردەکردنی غازەکەی ئێرانەوە، ئاستی بەرھەمھێنانی کارەبا لە بەغداد و ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق چوار ھەزار مێگاوات کەمبووەتەوە.
وەزارەتی کارەبای عێراق ئاماژەی بەوەشداوە، رێوشوێنی بەپەلەیان گرتووەتەبەر و لەگەڵ وەزارەتی نەوت لە گفتوگۆدان، بۆ زیادکردنی سووتەمەنی جێگرەوە بۆ وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا، تاکو کەمکردنەوەی ھەناردەکردنی غازی پێ قەرەبووبکرێتەوە، تا ئەوکاتەی ھەناردەکردنی غازی ئێران دەستپێدەکاتەوە.