بەپێی راپرسییەک ٦٧٪ی گەنجانی ئەمریکا دژی ھێرشەکانی ئیسرائیلن بۆسەر غەززە
کوردسات نیوز
١ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٣
١٩٠
دامەزراوەی گالوپ لەناو گەنجانی ئەمریکادا راپرسییەکی تایبەت بە ھێرش و بۆردومان و تاوانەکانی سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە ئەنجامداوە و ئەنجامەکەشی بڵاوکردووەتەوە.
ئەو گەنجانەی بەشداری راپرسییەکەیان کردووە لە ماوەی نێوان یەک تا ٢١ی مانگی رابردوو، تەمەنیان لە نێوان ١٨ بۆ ٣٤ ساڵدایە و زیاتر لە ٦٧٪یان لە دژی ھێرش و بۆردومان و تاوانەکانی سوپای ئیسرائیلین لە کەرتی غەززە و ٣٠٪ شیان پشتیوانی ئیسرائیل دەکەن.
دامەزراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، زۆرینەی ئەو ئەمریکییانەی پشتیوانی ھێرشەکانی ئیسرائیل دەکەن بۆسەر کەرتی غەززە، لایەنگران و کەسانی سەربە ھەردوو پارتی کۆماری و دیموکراتەکانن و زۆرینەی دانیشتووانی ئەمریکاش کەسەر بە ھیچ لایەنێک نین، ھەرچەندە دژی بزوتنەوەی حەماسن، بەڵام پشتیوانی ھێرشەکانی سوپای ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە ناکەن بەتایبەتیش بەھۆی کوژرانی ژمارەیەکی زۆر ژن و منداڵ لە غەززە.