ئاژانسی فرانس پرێس لە سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، رۆژی سێشەممە ولیەم بێرنز، بەڕێوەبەری دەزگای ھەواڵگریی ئەمریکا و دەیڤید بارنیاع، بەڕێوەبەری ھەواڵگری ئیسرائیل (مۆساد) لە دەوحە لەگەڵ محەمەد عەبدولرەحمان ئالسانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر کۆبوونەتەوە، لەو کۆبوونەوەیەدا لێپرسراوانی میسریش ئامادەبوون.

ئاماژەی بەوەشکردوە، لەسەر پێشنیازی سەرۆکوەزیرانی قەتەر، بەڕێوەبەرانی ھەواڵگری ئەمریکا و ئیسرائیل زنجیرەیەک کۆبوونەوە لە دەوحە ئەنجامدەدەن و تیایدا باس لە قۆناغەکانی دوایی کۆتاییھاتنی ئاگربەست لە غەززە و تاوتوێی مەرجی لایەنەکانیش بۆ رێککەوتنێکی ئاگربەستی درێژخایەن دەکەن.

رۆژی ھەینی یەکەم ئاگربەست لە غەززە دوای ٤٨ رۆژ لە شەڕ و پێکدادان راگەیەنرا کە ماوەکەی چوار رۆژ بوو، دواتریش ماوەی ئاگربەست دوو رۆژی تر درێژکرایەوە، لەئێستاشدا قەتەر و میسر کار بۆ  رێککەوتن لەسەر ئاگربەستێکی درێژخایەن لە غەززە دەکەن.