لەبەرامبەر ئازادکردنی ١١ بارمتەی ئیسرائیلی ٣٣ فەڵەستینی ئازاد کران
لاوان
٢٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣
٧٢٦
بەشی زیندانییەکانی ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی ئاگربەستە مرۆییەکانی لەگەڵ گروپی چەکداری حەماس، شەوی رابردوو لە بەرامبەر ئازادکردنی ١١ بارمتەی ئیسرائیلی لە کەرتی غەززە، ٣٣ بارمتەی فەڵەستینییان ئازادکردووە.
ھاوکات، وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاندووە، ئەو ٣٣ بارمتە فەڵەستینییەی ئیسرائیل ئازادیکردوون، پێکھاتوون لە ٣٠ منداڵی خوار ١٨ ساڵ و سێ ژن. جەختی لەوەشکردەوە، وەک وڵاتێکی نێوەندگیری نێوان حەماس و ئیسرائیل، ھەموو ھەوڵێکیان دەخەنەگەڕ بۆ ئازادکردنی تەواوی ئەو بارمتانەی لە ئیسرائیل و کەرتی غەززە ماون.
ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی ٢٤ی ئەم مانگە بۆ ماوەی چوار رۆژ ئاگربەستی مرۆیی بۆ ئازادکردنی بارمتەکان و گەیاندنی ھاوکاری مرۆیی بە کەرتی غەززە لەنێوان حەماس و ئیسرائیل راگەیاندرا و لەو نێوەندەشدا، ٥٣ بارمتە لە کەرتی غەززە و ١١٧ بارمتە لە ئیسرائیل ئازادکران. دواتریش ئاگربەست تاکو رۆژی پێنجشەممەی داھاتوو درێژکرایەوە و بڕیاریشە لەو ماوەیەدا ٢٠ بارمتەی ئیسرائیلی و ٦٠ بارمتەی فەڵەستینی ئازاد بکرێن.