بەرنامەی خۆراکی جیھانیی: سەدان ھەزار ئاوارەی غەززە لە رەوشێکی خراپدان
کوردسات نیوز
٢٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣
٢٠٧
بەرنامەی خۆراکی جیھانیی راگەیەندراوێکی لەبارەی رەوشی مرۆیی غەززە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، دوو ملیۆن و ٢٠٠ ھەزار کەس لە کەرتی غەززە کە بە نزیکەیی دەکاتە کۆی دانیشتووانی غەززە، پێویستیان بەوەیە بەپەلە خۆراکیان پێبگەیەندرێت.
راشیگەیاند، سەدان ھەزار ئاوارەی غەززە کە لە پەناگە و نەخۆشخانەکاندان لە رەوشێکی خراپدان و رووبەڕووی کەمی ئاو و خۆراک بوونەتەوە، ھۆشداریشیدا کە سیستمی خۆراکیی لە کەرتی غەززە دادەڕووخێت، ھەربۆیە پێویستە شەڕ و پێکدادانەکان لەو کەرتە بوەستن و ھاوکاریی مرۆیی و سووتەمەنی بگەیەندرێت بە دانیشتووانەکەی.
حەوتی مانگی رابردوو، چەکدارانی حەماس لە ئاسمان و زەوی و دەریاوە، ھێرشیان کردە سەر چەند ناوچەیەکی ئیسرائیل، لە کاردانەوەی ئەو ھێرشەشدا ئیسرائیل دەستی بە بۆردومان و ھێرشی زەمینی بۆ سەر غەززە کرد و گەیاندنی ھاوکاریی مرۆیی بە شارەکە سنووردارکرد، ھەروەھا ئاو و کارەبای لە غەززە بڕی.