عومران رەزا رێکخەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی رایگەیاند، لوبنان رووبەڕووی یەکێک لە خراپترین قەیرانە مرۆییەکان بووەتەوە لە جیھاندا، چونکە سێ ملیۆن و ٩٠٠ ھەزار کەس لەو وڵاتە پێویستیان بە خۆراک و ھاوکارییە مرۆییەکانی دیکە ھەیە، لەو ژمارەیەش دوو ملیۆن و ١٠٠ ھەزاریان لوبنانین و یەک ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار سوری و ١٨٠ ھەزار پەنابەری فەڵەستینیشی تێدایە، بەڵام کەمتر لەنیوەی ئەو ژمارەیە ھاوکاری وەردەگرن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لوبنان نزیکەی ساڵێکە بێ سەرۆکە و زۆرینەی دامەزراوەکانی کارناکات، تائێستاش ھیچ چارەسەرێک بۆ دۆخی سیاسی وڵاتەکە نەدۆزراوەتەوە. 

لە ساڵی رابردوودا، نەتەوە یەکگرتووەکان ٤٠٪ی ئەو ھاوکارییەی وەرگرت کە پێویستبوو بۆ لوبنان، پێشبینیدەکرێت بۆ ئەمساڵیش ھاوکارییەکان تا ئەو رێژەیە بن.