وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق پێشوازیکردووە لە ئالینا رۆمانۆڤسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا باڵیۆزی ئەمریکا پەیامێکی جۆ بایدنی، ئاڕاستەی د. لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆماری عێراق کردووە و تیایدا پیرۆزبایی لە حکومەت و گەلی عێراق کردووە بە بۆنەی  یادی ٩١ ساڵەی سەربەخۆیی عێراق.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، جۆ بایدن جەختیکردووەتەوە لەسەر کارکردنی ھاوبەشی نێوان ھەردوو وڵات و پاڵپشتیکردنی پڕۆسەی دیموکراسی لە عێراق و بەھێزکردنی دامەزراوەکان بۆ پشتیوانیکردنی گەلی عێراق.

سەرۆکی ئەمریکا راشیگەیاندووە،ھەمیشە دەڕوانێتە پتەوکردنی کاری ھاوبەشی نێوان واشنتن و بەغداد و لە پێشینەی کارەکانیەتی، وتیشی، بۆ بەدیھێنانی جیھانێکی سەقامگیر و ئارام، پێویستە شەڕی دژی تیرۆرستان بەردەوامی ھەبێت.

ھاوکات، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، بەردەومدەبن لە بەھێزکردنی ئەو رێککەوتنە ھاوبەشەی لەنێوان ھەردوو وڵاتدا ھەیە، کاردەکەن بۆ ئەوەی پێکەوە روبەڕوی ئەو ئاستەنگیانە ببنەوە کە لە جیھاندا ھەیە.