روفین مینیکدیویلا، بەڕێوەبەری نوسینگەی کۆمسیۆنی تایبەت بە کۆچبەران لە نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، تا ٢٤ ئەیلولی ئەمساڵ لە دەریای سپی ناوەراستدا زیاتر لە دوو ھەزار و  ٥٠٠  کۆچبەر خنکاون بێسەروشێن بوون.

راشیگەیاند، ئەو رێژەیەی لە چاو ھەمان ماوەی ساڵی رابردوو زۆر زیادیکردوە، کە تەنھا ١٦٨٠ کۆچبەر خنکابوونن.

بەڕێوەبەری نوسینگەی کۆمسیۆنی تایبەت بە کۆچبەران لە نەتەوەیەکگرتووەکان باسی لەوەشکردووە، وڵاتی ئیتاڵیا،  ئەمساڵ زۆرترین کۆچبەر رووی تێکردووە کە زیاتر بووە لە ٦٠ ھەزار کۆچبەر، کەساڵی ٢٠٢٢ تەنھا ٢٧ ھەزار کۆچبەر چونەتە ئەو وڵاتەوە.
ھاوکات، ئاژانسی سنوری و دەریاوانی ئەوروپا رایگەیاند، لە ٢٠١٥ تاکوئێستا توانراوە زیاتر لە ٣٠ ھەزار کۆچبەر لە خنکان رزگاربکەن.

ماوەی چەندین ساڵەی دەریای سپی ناوەراست بۆتە گۆرستان بۆ ئەو کەسانەی خەونی گەیشتنیان ھەیە بە وڵاتانی ئەوروپا، سەرەِرای ھەوڵەکانی ئەوروپا بۆ وەستاندنی لێشاوی کۆچبەران بەڵام شەپۆلەکە بەردەوامە.