شێخ حسێن حەمە ساڵح، نوێنەری دەزگای لوتکە لە یۆنان ڕایگەیاند، کە تەرمی ١٨ کەس دۆزراوەتەوە کە گومان دەکرێت بە ئەگەرێکی زۆرەوە کۆچبەر بن کە لە دارستانەکانی ھەرێمی ئەفانداد بوون لە کاتێکدا ئاگرێکی گەورە لە دارستانەکانی دادیا نزیک ڕووباری ئیڤرۆس کەوتووەتەوە ڕوو لەزیاد بوونە و تا ئێستا نەتوانراوە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵبکرێت بەھۆی کەش و ھەوای ناوچەکە و بوونی بایەکی زۆر بەھێز ، ھەر بۆیە ١٨ کۆچبەر بەھۆیەوە گیانیانلەدەستداوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی زانیارییەکان، تەرمەکان بە دوو گروپدا دۆزراونەتەوە و بەگوێرەی لێکوڵینەوەکان ئافرەتی دووگیانیشی تێدا بووەو تا ئێستا ناسنامەی ھیچ یەکێک لەتەرمەکان دیار نیە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.

نوێنەری بەشی ئاگرکوژێنەوە ڕایگەیاندووە، لەکاتی پشکنینی ناوچەکە کە لەلایەن تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەوە لە ھەرێمی ئافاندا ئەنجامدراوە، ١٨ تەرم لە نزیک ئاگرەکە دۆزراونەتەوە و لەبەر ئەوەی ھیچ کەسێک سکاڵی وونبوونی تۆمار نەکردوە ئەگەری ھەیە کۆچبەربن و ویستویانە بە نایاسایی بچنە وڵاتانی ئەوروپا لەو ڕێگەیەوە.