وەزیری بەرگری تورکیا: ئۆپراسیۆنەکانمان لە عێراق و سوریا بەردەوام دەبن
هەژار
٢٢ی ئایاری ٢٠٢٣
٣٨٣
خڵوسی ئاکار، وەزیری بەرگری تورکیا لە کۆنفرانسێکدا لە ئیستەنبوڵ رایگەیاند، کاری لە پێشینەی حکومەت و سوپا و ھێزە ئەمنییەکانی تورکیا پاراستنی وڵاتە و ئەوەش پێش ھەر ھەنگاوێک بەھێزکردنی ئاسایشی سنورەکان دەگرێتەوە و ئاسایشی نەتەوەیی و پاراستنی ژیانی ھاووڵاتیان بۆ تورکیا و ھەر وڵاتێکی تر ھێڵی سورە و ھەر ھێرش و ئۆپراسیۆنێکیشیان ئەنجام دابێت بۆ پاراستنی وڵاتەکەیان و دورخستنەوەی مەترسییەکانە.
وتیشی، لە ناو خاکی عێراق و سوریاوە مەترسی لەسەر ئاسایش و ئارامی تورکیا دروست دەکرێت، بۆیە ئۆپراسیۆنە زەمینی و ئاسمانییەکانیشیان لەناو خاکی ئەو دوو وڵاتە بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی نەیار و دوژمنەکانیان لەناو دەبن و مەترسی لەسەر ئاسایش و ئارامی تورکیا نامێنێت.