مستەفا سنێد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، دوای کۆکردنەوەی بەڵگە و زانیاری باوەڕپێکراو و بەدواداچوونێکی زۆر، دەرکەوتووە ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری پێشووی نەوتی عێراق لەسەردەمی حکومەتەکەی مستەفا کازمیدا کە ئێستا لە دوبەی نیشتەجێیە، چەند کۆمپانیایەکی لە بوارە جیاجیاکاندا دروستکردووە و کۆی سەرمایەکەشی گەیشتووەتە ٧٥٠ ملیۆن دۆلار، جگە لەوەی لە ناوخۆی عێراقیش کۆمپانیای ھەیە و تائێستاش لە کاردان.

وتیشی، ئیحسان عەبدولجەبار ھەموو مووچەکەی لەماوەی کارکردنی وەک وەزیری نەوت لە کابینەکەی کازمیدا ناگاتە ٢٥٠ ملیۆن دینار، بەڵام ئێستا خاوەنی ٧٥٠ ملیۆن دۆلارە و لەکاتێکیشدا فەرمانی قەدەغەکردنی گەشتکردنیشی بۆ دەرەوەی وڵات ھەیە، بەڵام رێگەی پێدراوە عێراق بەجێبھێڵیت و لە ئێستاشدا چاوەڕوانن فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەربکرێت.