بانگەشەی ھەڵبژاردن لە تورکیا کۆتایی ھات
کوردسات نیوز
١٣ی ئایاری ٢٠٢٣
٧٨٩
بەگوێرەی رێکارەکانی دامەزراوەی باڵای ھەڵبژاردن لە تورکیا لە سەعات ٦:٠٠ـی ئێوارەی ئەمڕۆوە بانگەشەی ھەڵبژاردن قەدەغەکرا و نابێت کاندیدەکان لەسەر شەقام و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بانگەشە بکەن.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، کاندیدی ھاوپەیمانی کۆمار بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دوایین ساتەکانی بانگەشەی ھەڵبژاردنی لە مزگەوتی ئایاسۆفیا لە ئیستانبووڵ بەڕێکرد، ھەروەھا کەمال کڵیچدارئۆغلۆ، کاندیدی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنیش بە سەردانیکردنی مەزاری مستەفا کەمال ئەتاتورک، دامەزرێنەری کۆماری تورکیا کۆتایی بە بانگەشەی ھەڵبژاردن ھێنا.
بەپێی رۆژژمێری ھەڵبژاردنەکە کە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژادنەکانی تورکیاوە دانراوە، دەنگدان لە سەعات ھەشتی بەیانی دەستپێدەکات و تا سەعات ٥ی ئێوارە بەردەوام دەبێت و لە درەنگانی شەویشدا ئەنجامە سەرەتاییەکان رادەگەیەندرێن.
کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان لە تەواوی تورکیا زیاتر لە ١٩١ ھەزار سندوقی داناوە بۆئەوەی ٦٠ ملیۆن و ٦٩٧ ھەزار و ٨٤٣ کەس دەنگ بدەن کە لەو ژمارەیە چوار ملیۆن و ٩٠٤ ھەزار و ٦٧٢ کەسیان یەکەم جارە دەنگ دەدەن. ھەر بەپێی ژمارەکانی کۆمیسیۆن ٥٣ ھەزار و ١٧٢ سزادراو و دەستبەسەرکراو لە زیندانەکانیش دەنگ دەدەن.
کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان سەبارەت بە دەنگدان لە ناوچە زیانلێکەتووەکانی بومەلەرزە رایگەیاندووە، سندوق لەنێو باخچە یان نزیک لە قوتابخانە وێرانبووەکان دادەنرێت و ئەو کەسانەشی ناوچەکانیان بەجێھێشتووە لەو شارانە دەنگ دەدەن کە روویان تێکردووە و دەنگەکانیشیان بۆ ئەو ناوچانە ھەژمار دەکرێن.