بە پێی رۆژژمێری ھەڵبژاردنەکە کە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژادنەکانی تورکیاوە دانراوە، دەنگدان لە سەعات ھەشتی بەیانی دەستپێدەکات و تا سەعات ٥ی ئێوارە بەردەوام دەبێت و لە درەنگانی شەویشدا ئەنجامە سەرەتاییەکان رادەگەیەندرێن.

کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان لە تەواوی تورکیا زیاتر لە ١٩١ ھەزار سندوقی داناوە بۆئەوەی ٦٠ ملیۆن و ٦٩٧ ھەزار و ٨٤٣ کەس دەنگ بدەن کە لەو ژمارەیە چوار ملیۆن و ٩٠٤ ھەزار و ٦٧٢ کەسیان یەکەم جارە دەنگ دەدەن. ھەر بەپێی ژمارەکانی کۆمیسیۆن ٥٣ ھەزار و ١٧٢ سزادراو و دەستبەسەرکراو لە زیندانەکانیش دەنگ دەدەن.

کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان سەبارەت بە دەنگدان لە ناوچە زیانلێکەتووەکانی بومەلەرزە رایگەیاندووە، سندوق لەنێو باخچە یان نزیک لە قوتابخانە وێرانبووەکان دادەنرێت و ئەو کەسانەشی ناوچەکانیان بەجێھێشتووە لەو شارانە دەنگ دەدەن کە روویان تێکردووە و دەنگەکانیشیان بۆ ئەو ناوچانە ھەژمار دەکرێن.