رێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو بڵاویکردەوە، بەرەبەیانیی رۆژی شەممە سزای لەسێدارەدانی دوو بەندکراوی خەڵکی شاری سەڵماس بە ناوەکانی عەبدوڵڵا خان محەمەدی و سەلاحەدین مەجیدی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە جێبەجێکرا، کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە ھۆشبەرەکان سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.

ئەو دوو بەندکراوە ڕۆژی پێنجشەممەی ھەفتەی رابردوو بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەیان بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی سەڵماس گواسترابوونەوە.

ئەو دوو کەسە ھەردووکیان خەڵکی گوندی "ھەفتوان"ی سەربە شاری سەڵماس بوون، سێ ساڵ پێشتر دەستبەسەرکراون و لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە ھۆشبەرەکانەوە سزای سێدارە بەسەریاندا سەپێندراوە.

ھاوکات سەرلەبەیانیی رۆژی ھەینی پێنجی ئایاری ٢٠٢٣ سزای سێدارەی بەھزاد پوورحەنیفی، بەندکراوی تورکی خەڵکی ورمێ لە بەندیخانەی حکومەت لەو شارە جێبەجێکرا.