کۆشکی کرملین: ھەوڵێکی ئۆکراین بۆ تیرۆرکردنی ڤلادمیر پوتن شکستیپێھێندرا
٣ی ئایاری ٢٠٢٣
٣٨٣
کۆشکی سەرۆکایەتی روسیا "کرملین" بڵاویکردەوە، ئۆکراین ھەوڵیداوە بە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ھێرشبکاتە سەر شوێنی مانەوەی "پوتن" لە کۆشکی سەرۆکایەتی، بەڵام سوپا و ھێزە تایبەتەکان لەکاتی پێویستدا توانیویانە بە بەکارھێنانی سیستمی رادار دوو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە پەکبخەن و شکست بەو ھەوڵە بھێنن.
کۆشکی کرملین راشیگەیاند، ھیچ زیانێک بەر "پوتن" نەکەوتووە و خشتەی کارەکانیشی گۆڕانکاری بەسەردا نەھاتووە و وەکو خۆی بەردەوامدەبێت، ھاوکات بەھۆی بڵاوبوونەوەی پارچەکانی درۆنەکانەوە ھیچ کەسێک بریندار نەبووە.
روسیا، پێشیوایە ئەو ھێرشە بۆ سەر کۆشکی سەرۆکایەتی کردەوەیەکی تیرۆریستی پلان بۆ داڕێژراوە و ھەوڵێک بووە بۆ تیرۆرکردنی "پوتن"، بۆیە مافی وەڵامدانەوەیان لە کات و شوێنی گونجاودا ھەیە.