سوپای ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ھێرشە موشەکییەکانیان بۆ سەر کەرتی غەززە راگرتووە و لەگەڵ لایەنەکانی فەڵەستین لەسەر راگەیاندنی ئاگربەست رێککەوتوون.

لایەنەکانی فەڵەستینیش ئاماژەیان بەوەکردووە، بە نێوەندگیری چەند وڵات و لایەنێک بڕیاریانداوە ئاگربەست رابگەیەنن.

شەوی رابردوو ئیسماعیل ھەنیە سکرتێری گشتی بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، بەمەبەستی راگرتنی ھێرشەکانی ئیسرائیل، پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ لێپرسراوانی میسر و قەتەر و رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجامداوە.

دوای ئەوەی رۆژی سێشەممە فەڵەستنییەکی دەستبەسەرکراو بە ناوی خدر عەدنان کە ماوەی ٨٧ رۆژ بوو لە زیندانی ئیسرائیل مانی لەخواردن گرتبوو، گیانی لەدەستدا، ئاڵۆزییەکانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستینییەکان سەریھەڵدایەوە و لە کەرتی غەززەوە زیاتر لە ٣٠ موشەک ئاراستەی ئیسرائیل کران، بەو ھۆیەشەوە ٣٠ کەس برینداربوون، لە بەرامبەردا سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی کەرتی غەززەی بۆردومان کرد.