بەپێی ھەواڵی میدیاکان، سوپای سودان ھێرشی چڕی زەمینی و ئاسمانی کردووەتەسەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی ھێزەکانی پشتیوانی خێرا لە خەرتوم، ھاوکات شاری ئوم دەرمان بەچری بۆردومانکراوە، سوپای سودانیش بەوە تۆمەتبار کرا کە نەخۆشخانەی ئوم دەرمانی کردووەتە ئامانج و بەھۆیەوە ژمارەیەک ھاووڵاتی کوژراون و برینداربوون.

 لە کاردانەوەی شکاندنی ئاگربەستدا، جۆن کێربی وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا داوای لە ھەردوو لایەنی شەڕکەر کرد رێز لە ئاگربەست بگرن و پێکدادانەکان رابگرن، راشیگەیاندووە، ئاگربەست لە سودان توندوتیژییەکانی کەمکردووەتەوە.

لە لایەکی ترەوە، کۆمسیۆنی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، تائێستا زیاتر لە ٨٠٠ ھەزار سودانی ئاوارەبوون و پێویستییان بە کۆمەکی مرۆییە. 

نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بۆ کاروباری سودان رایگەیاند، ھەردوو لایەنی شەڕکەر رازیبوون نوێنەرانیان رەوانە بکەن بۆ وتوێژ و لێکنزیک کردنەوەی بۆچوونەکانیان بە مەبەستی کۆتاییھێنان بە قەیرانی ئەو وڵاتە.