ئوردن میوانداری کۆبوونەوەیەک دەکات بۆ گەڕانەوەی سوریا بۆ کۆمکاری عەرەبی
کوردسات نیوز
١ی ئایاری ٢٠٢٣
١٤٩
لە کۆبوونەوەکەدا وەزیرانی دەرەوەی سوریا و عێراق و میسر و سعودیە بەشدار دەبن و پلانی ئوردن بۆ چارەسەری سیاسی قەیرانی سوریا و گەڕانەوەی بۆ کۆمکاری عەرەبی تاوتوێ دەکەن، ئەوەش لە چوارچێوەی خێراکردنی ھەوڵەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ سوریا، کە زیاتر لە ١٠ ساڵە پچڕاوە.
ئەو کۆبوونەوەیە دوو ھەفتە لە دوای کۆبوونەوەیەکی دیکەی ھاوشێوە دێت، کە لە شاری "جەدە"ی سعودیە لە نێوان ئەنجومەنی ھاریکاری کەنداو و وڵاتانی میسر و ئوردن و عێراق بەڕێوەچوو، بەڵام رێککەوتن سەبارەت بە گەڕانەوەی سوریا بۆ کۆمکاری عەرەبی، نەکرا.
بەپێی دەستپێشخەرییەکەی ئوردن، داوا لە دیمەشق دەکرێت بەپێی نەخشەڕێگەیەک خۆی لەگەڵ حکومەتی وڵاتانی عەرەبی تێکەڵ بکاتەوە، ھەروەھا بابەتی چارەسەرکردنی پرسی کۆچبەران و چارەنووسی ھەزاران دەستگیرکراو و بێسەروشوێن و بەقاچاغبردنی ماددە ھۆشبەرەکان لەنێوان سوریا و وڵاتانی کەنداو، بوونی چەکدارە ئێرانییەکان لە سوریا، تاوتوێ دەکرێن.