رۆژی یەکشەممە ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست بەڵگەنامەیەکی نھێنی ھەواڵگری ئەمریکای بڵاوکردەوە کە بە گوێرەی بەڵگەنامەکە، ھەواڵگری سەربازی ئۆکراین پلانی داناوە بۆ ئەنجامدانی ھێرشی نھێنی دژی ھێزەکانی ڕووسیا لە سوریا بە ھاوکاری ھێزەکانی سوریای دیموکرات ھەسەدە.

دوای بڵاوکردنەوەی بەڵگەنامەکەش راستەوخۆ ھەسەدە ناوەڕۆکی بەڵگەنامەکەی رەتکردەوە، فەرھاد شامی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی ھەسەدە لە بەیاننامەییەکی نووسراودا ئاماژەی بەوەکردووە، "ئەم بەڵگەنامەیە ڕاست نییە و پەیوەندییان لەگەڵ ڕووسیا باشە، ڕێککەوتنی ھاوبەش لەنێوانیاندا ھەیە بۆ چارەسەرکردنی زۆرێک لە دۆسیەکان لەسەر خاکی سوریا".

لە شەڕی دژی تیرۆرەوە ھەسەدە لە یەککاتدا پەیوەندی سەربازی و سیاسی لەگەڵ روسیا و ئەمریکاشدا دروستکردووە، ھەروەھا  ھەسەدە بە ھاوبەشی ستراتیژی ھاوپەیمانی دژی داعش لە سوریا دادەنرێت.